فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى راگه‌یه‌ندراوێک له‌سه‌ر زیاده‌ڕه‌وی كردنه‌ سه‌ر شاره‌وانى سلێمانى بڵاوده‌كاته‌وه‌

بەروار : 13/02/2017 ژمارەی سەردان : 325

به‌ پێى نوسراوێكى فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ تێیدا ئاماژه‌ى به‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ كردوه‌ كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر موڵكى گشتى به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ سنورى شاره‌وانى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى.
له‌ نوسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو كه‌ كه‌سانێك بێ گوێدانه‌ یاساو رێنمایه‌كان به‌ تایبه‌تى له‌ سنورى گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى شارى سلێمانى كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ناو ماسته‌رپلانى شاره‌وانى سلێمانیه‌وه‌ هه‌ستاون به‌ ده‌ست به‌سه‌راگرتنى زه‌وى شاره‌وانى و به‌ویستى خۆیان خانوو بیناو كۆگاو دامه‌زراوه‌ى تریان تێدا دروستكردوه‌، یاخود زه‌ویه‌كان به‌ش به‌ش ده‌كه‌ن و به‌ شێوه‌ى  پارچه‌ زه‌وى نیشته‌جێ بوون كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ ده‌كه‌ن.
فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى ئه‌و كارانه‌ به‌ تاوان ئه‌ژمار ده‌كات و  جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ به‌دواداچوون بۆ زانینى ناوى ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سكاڵاى سزایى له‌ دژیان ده‌جوڵێنێت، به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردودا چه‌ند سكاڵایه‌كیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ جوڵاندوه‌ به‌ بێ ڕه‌چاوكردنى پله‌ و پایه‌ و پێگه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌یان ئه‌نجام داوه‌.
 بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌دور بگرن له‌و جۆره‌ كارانه‌ به‌ تایبه‌تى كڕیارانى ئه‌و جۆره‌ زه‌وى و خانووانه‌ كه‌ خۆیان نه‌كه‌نه‌ قوربانى و داهاتى خۆیان نه‌ده‌نه‌ كه‌سانێك كه‌ كڕین و فرۆشتن به‌ موڵكێكه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هى خۆیان نییه‌، ئاماژه‌ش به‌ ڕێكارى توند كراوه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بۆ ڕێگرى كردن له‌و دیارده‌یه‌و لابردنى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان.

 
Scroll