له‌ژێر دروشمی (له‌پێناو مانه‌وه‌ماندا با دۆستی ژینگه‌ بین) یادی ڕۆژی ژینگه‌ به‌رز ڕاگیرا

بەروار : 15/04/2017 ژمارەی سەردان : 150
له‌ژێر دروشمی (له‌پێناو مانه‌وه‌ماندا با دۆستی ژینگه‌ بین) ڕێکخراوی خاوێن بۆ دۆستی ژینگه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی له‌ شه‌قامی سالم به‌رده‌م ته‌لاری سه‌ید قادر به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ند به‌رپرسێکی حکومی و حزبی چه‌ند چالاکیه‌ک بۆ یادی ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێم که‌ ده‌کاته‌ ڕێکه‌وتی (١٦/٤/٢٠١٧) ئه‌نجامدرا.

سه‌ره‌تا به‌شی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی کاروچالاکیه‌کانی به‌شی خزمه‌تگوزاری له‌ڕێی سکرینێکه‌وه‌ بۆ ئاماده‌بوانی بۆنه‌که‌ نمایشکرد که‌ بریتی بوو له هه‌ڵمه‌تی پاکردنه‌وه‌ی زۆرێک له‌ گه‌ره‌ک و ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌کانی سنوری شاری سلێمانی.

دواتر (له‌تیف شێخ عومه‌ر) به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی ڕێکخستنی سلێمانی ووته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، هیوای خواست که‌ هه‌موو لایه‌ک هاوکار بین بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی کوردستان بپارێزین و ڕێگر بین له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر که‌س و لایه‌نێک که‌ هه‌وڵ بۆ تێکدان و ناشرینکردنی ژینگه‌ی هه‌رێمه‌که‌مان ده‌دات. 

پاشان ڕزگار ئه‌حمه‌د لێپرسراوی به‌شی خزمه‌تگوزاری به‌ ناوی سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی سلێمانیه‌وه‌ ووته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، سه‌ره‌تا پیرۆزبایی یادی ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی له‌سه‌رجه‌م ئاماده‌بوان و هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان کرد پاشان ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ فراوانه‌ی به‌شی خزمه‌تگوزاری کرد که‌ پێشوه‌خت بۆ یادی ژینگه‌ ئه‌نجامیاندابوو که‌بریتی بوو له‌ پاکردنه‌وه‌ی خاشاک له‌ زۆرێک له‌ گه‌ڕه‌ک و شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌کانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که‌ سبه‌ینێ (١٦/٤/٢٠١٧) زنجیره‌ هه‌ڵمه‌تێکی تری کۆکردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاک له‌ هه‌ندێک له‌ گه‌ره‌کی شاری سلێمانی ئه‌نجامده‌ده‌ن، ووتیشی ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی کوردستانی پێ بپارێزین به‌و په‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین وه‌ک ئه‌رکێکی شه‌رشانمان.

ئه‌گه‌ر چی وا بڕیار بوو به‌شی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی له‌م بۆنه‌یه‌دا پێشانگایه‌کی فۆتۆگرافی بۆ هه‌ندێک له‌ پڕۆژه‌و کاروچالاکیه‌کانی شاره‌وانی سلێمانی له‌به‌رده‌م باخی گشتی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ڕه‌وشی که‌ش و هه‌واوه‌ پێشانگاکه‌ دواخرا بۆ ئه‌و کاته‌ی که‌ ڕه‌وشی که‌ش و هه‌وا ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێنێت.

 
Scroll